ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-10-2022 هونەرمەندی شێوەکار ئیسماعیل خەیات کۆچی دواییکرد. یەکێک لە کارە بەنێوبانگەکانی رەنگکردنی بەردەکانی سنووری نێوان پارتی و یەکێتی بوو لە دێگەڵە، وەکو ناڕەزایەتییەک دژی شەڕی نێوخۆ و پاڵپشتیکردن لە ئاشتەوایی.
ئیسماعیل خەیات کێیە؟
هونەرمەندێکی شێوەکاری کوردە، بەڵام بە هونەرێکی سنووربڕەوە. زۆرترین پەیامە هونەرییەکانی لە رێگای بەردەوە دەگەیێنێ. ئەڤینێکی قووڵ و سەرشێتانەی بۆ فڵچەکەی دەستی هەیە. لە بوارەکەی خۆیدا خەون بەوە دەبینێ ببێتە ناوێکی گەردوونیی. ژووری میوانەکەی، ژووری نووستنەکەی، تەنانەت چێشتخانەی ماڵەکەی، بەرد و فڵچەی لێیە!
ئەو بەردانەی بوونە باڵیۆزی ئاشتی
ئەو ساڵانەی شەڕی نێوخۆیی براکان هەموو شتێكی هەراسان و نائومێد کردبوو، پیاوێک رۆژانە لە پیرەر سەرقاڵی رەنگکردنی بەردەکان بوو. هەر پارچە بەردێک رەنگێک و داخۆیانێکی تایبەتی هەبوو لە بارەی ژیانەوە. ئەو جێگایە، خاڵی بەیەکگەیشتنی شاندی دانوستاندکاری هێزە بەشەڕهاتووەکان بوو. تابلۆکان، بەردە رەنگکراوەکان، بە شاندەکانیان دەگوت ئیتر شەڕ بەسە، خوێنڕشتن بەسە، هەڵفلیقاندنی خەونی کوردستانیانە بەسە.
ئیسماعیل خەیات، لەم بەڵگەفیلمەدا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ پیرەر و بەردەکان رەنگدەکاتەوە. ئەگەرچی زیاتر لە دەیەیەکە شەڕی چەکداریی براکان راوەستاوە، بەڵام بەردەکانی ئەو کە ساڵانێک ببونە باڵیۆزی ئاشتی، بەردەوام قسە دەکەن لەبارەی ژیان و سرووشت و خۆشەویستییەوە.
لە پێشانگاکانیدا، جا لە هەر شوێنێک بێت دواترین تابلۆ پڕ داهێنانەکانی خۆی نمایش دەکات و داستانی ماسییە ڕەش و سپییەکان و چیرۆکی بەردی ئەو بنارە و ئەو گوێ ئاوانە و سەفەری باڵندەکان دەخاتە بەر دیدی بینەرانی. هەر بۆیەشە بەردەوام تابلۆکانی ئەم هونەرمەندە، جێگەی سەرنج و سەرسامین. بەردەوام لەگەڵ خەونە هونەرییەکانیدا دەژی.
ساڵی 1944 لە خانەقین لەدایکبووە. خانەی مامۆستایانی بەعقوبەی تەواوکردووە و ئەندامە لە کۆمەڵەی شێوەکارانی عێراق و کۆمەڵەی شێوەکارانی جیهان. بەشداریی زیاتر لە 60 پێشانگای هاوبەشی لە وڵاتانی جیهان کردووە و بەشێک لە هونەرمەندە شێوەکارەکانی جیهان، لە بارەیەوە نووسیویانە.
کاتێک لێیدەپرسی دوای نیوسەدە کارکردن ماندوو نەبوویت؟ پێتدەڵێ من کاتێک ماندوو دەبم هەردەبێت بە وێنەکێشان و هێڵکاریی ماندوێتیی لە جەستە و هزرم دەربکەم. راستە تەمەنی من زۆر هەڵکشاوە، بەڵام بەردەوام بیرۆکەنوێ گەمارۆی مێشکم دەدات و دەبێت بەردەوام کاربکەم. خۆشەویستییەکی بێکۆتاییم هەیە بۆ کارەکەم.
Негізгі бет BelgeFilm- | بەڵگەفیلم- بەردەکانی دێگەڵە؛ باڵیۆزی ئاشتی
Пікірлер: 8