ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی پەیام...
بەهۆی نەبوونی ڕێوشوێنی تەندروست و زۆری ژمارەی زیندانیان لە هۆڵەکاندا سەدان زیندانی لە هەولێر مانیان گرتووە.
سەرچاوەیەک لە نێو زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر بە پەیامی ڕاگەیاند: دوو ڕۆژە 270 زیندانی مانیان لە خواردن گرتووە.
ئەو سەرچاوەی پەیام هۆکاری مانگرتنی ئەو زیندانیانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کەلە ئێستادا هەر هۆڵێکی زیندان 30 زیندانی تێدایە لە کاتێکدا 15 کەس لە هۆڵەکەدا جێیان ئەبێتەوە.
مانگرتنی بەشێک لە زیندانییەکان و بەدەمەوە نەهاتنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ داواکانیان زیندانییە مانگرتووەکانی توڕەکردووە و بەو هۆیەوە نزیکەی 15 کەسی دەمی خۆیان دووریوەتەوە.
ئەو زیندانیە مانگرتووانە دەڵێن: لە کاتێکدا بە پێی ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نابێت قەرەباڵغی بوونی هەبێت، بەڵام لە زیندانەکانی هەولێر ڕێنماییەکان گوێی پێ نادرێت و زیاتر دوو هێندەی ژمارەی دیاریکرا و زیندانی دەخرێنە هۆڵەکانی زیندان.
سەرچاوەکەی پەیام لە نێو زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر لەسەر ڕەوشی تەندروستی مانگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد: باری تەندروستی زیندانییە مانگرتووەکان بەتایبەت ئەوانەی کە دەمی خۆیان دووریوەتەوە زۆر ناجێگیرە و ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەمیانەوە نەیەن ئەوا ژیانیان دووچاری مەترسی گەورە دەبێتەوە.
لە بەرامبەردا وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم دەڵیت پێشتر هۆشدارییان لەو مەترسییە داوە بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسییەوە کەس بەدەمیانەوە نەهاتووە.
ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدابە پەیامی ڕایگەیاند: پێشتر چەند جارێک سەروو خۆیان لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە زیندانەکان زیاد لە ژمارەی دیاریکراو زیندانییان تێدایە بەڵام هیچ کەس بە دەمیانەوە نەهاتووە و ململانێی سیاسیش بە هۆکاری بەدەمەوە نەهاتنەکە دەزانن.
ئاریان ئەحمەد وتیشی: نەک تەنها لە هەولێر بەڵکو لە زیندانەکانی سلێمانی و دهۆکیش هەمان گرفت هەیە و لە ئێستاشدا بۆ ئەو کێشە هیچ چارەسەرێکیان پێ نییە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد: بۆ ڕێگری لە گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ نێو زیندانەکان هەموو ڕێگایەکیان گرتووەتە بەر و سەردانیکردنی بەندکراوەکانیشیان نەهێشتووە، هەرچی خۆراک پێدانە لێژنەیەکی تایبەتی بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی خۆراک بەسەر زیندانییەکاندا دابەش دەکەن.
لە کۆتایی قسەکانیشدا ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم وتی: تا ئێستا هیچ زیندانییەک تووشێ ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە.
Негізгі бет بههۆی زۆری ژمارهی زیندانییان له هۆڵهكاندا؛ سهدان زیندانی له ههولێر مانیانگرتووه
Пікірлер: 1