(داستانی هەیاسی خاس و سوڵتان مەحموودی غەزنەوی)
(داستانی تۆفان و گوڵئەندام )
لە دێر زەمانەوە تا ئێستا ، دەم بە دەم ئەم داستانە گێڕدراوەتەوە بۆمان و بەلای زۆرینەمانەوە غەریب نیە.
لە هەمان کاتیشدا ، کەم نین ئەوانەی کە لەم داستانە پڕ چێژ و پەندئامێزە مەحرووم بوون و تا ئێستا ئاشنایی نەبوون.
هەر بۆیەش بە باشم زانی ، ئەم داستانەتان پێشکەش بکەم ، تا ئێوەی ئازیز و خۆشەویست سودی لێ ببینن و بێبەش نەبن لە پەند و وانەکانی ئەم داستانە .
ئەم داستانە چوون بە شێوەی شیعر نوسراوە، ڕەنگە لە سەرەتاوە کەمێک ئاڵۆزبێت بەلای بیسەرەوە ، بۆیە لە خزمەتداندا کورتەیەکتان بۆ باس دەکەم ..
ئەم داستانە بە کورتی باس لەوە دەکات ، کە سوڵتان مەحموودی غەزنەوی لەسەردەمی دەسڵاتی خۆیدا ، بە هەیاسی وەزیری دەڵێت : ئەی هەیاس ، زۆر نیگەرانی میلەتەکەمم، دڵم بۆیان دەسوتێت با سەفەرێک بکەین و بەسەرییان بکەینەوە . سەفەر دەکەن و ڕێگە دەگرنەبەر ، تا دەگەنە کەنار( دێ ) یەک ، لەوێ چاویان بە گڕی چرای ماڵێک دەکەوێت ، کە بەحاڵ دەدرەوشێتەوە. بەڕێدەکەون تا دەگەنە نزیک ماڵەکە . لەوێ گوێیان لە دەنگی ژنێک دەبێت هاوار دەکات و داوای یارمەتی لە خوا دەکات ، سوڵتان مەحموود بە هەیاسی خاس دەڵێت : ئەی هەیاس ، بچۆ ژووەوە بزانە ئەو ژنە چی پێویستە ؟ هەرچی دەوێت درێخی مەکە و هاوکاری بکە. هەیاس دەچێتە ژورەوە ، ئەڕوانێ وا ژنێک ژانی مندڵبوون دەیگرێ ، هێندە جوانە وەک مانگ دەدرەوشێتەوە . هەیاس ڕووی لە ژنە وەرچەرخاند و لە پاش سڵاوکردن ، لێی پرسی : بۆچی بە تەنهایت و باس و خواسی تۆ چیە؟ ژنەش باسی حاڵی خۆی بۆ کرد ، کە چەندە هەژار و بێ کەسە و مێردەکەی لە دەستکورتیدا بووەتە شوانی دێ و ڕوخسەتی نادەن بێتەوە بۆلای . هەیاسی دانا ش، پاش ڕوخسەت وەرگرتن لە ژنەکە ، وەک برایەکی ئەمین و پاک مامانی بۆ ژنەکە کرد ، تا منداڵەکەی بوو . منداڵێک کە لە جوانیدا هاوتایی نەبوو . لەپاشان چەند درهەم و دینارێکی یا بە ژنەکە و ڕۆشتە دەرەوە بۆلای سوڵتان مەحموود ، سوڵتان لێی پرسی و هەیاسیش هەمووی بۆ گێڕاوە کە حاڵی چۆن بووە و چۆن یارمەتی داوە. سوڵتان زۆر دڵخۆش بوو ، ستایشی جوامێری هەیاسی کرد . لە پاشان بەڕێکەوتن و لەوا بوو لە دێ بچنە دەرەوە، هەیاس پێکەنی !!!!!؟ سوڵتان مەحموودیش شارەزایی هەیاس بوو ، ئەی زانی پیاوێکی چەند ئاقڵمەندە و بێ حیکمەت پێ ناکەنێ!
بۆیە سوڵتان لێی پرسی : تخوا هەیاس پێم بڵێ سەبەبی ئەم پێکەنینەت چی بوو ، کە تۆ هەرگیز بێ سەبەب پێنەکەنیویت؟
ئەویش وتی : ئەی سوڵتانی گەورە چیت لێ بشارمەوە؟
ئەو کوڕە شوانەی وا ڕووت و قوتە
بـزانە زاوای سوڵـتـان مـەحـمـوودە
چــارەی لە کـچـی ئـەو نـوســـراوە
لــەلای خـوداوەنــد ئــیـمــزاکــراوە
سوڵتان کە ئەمەی بیست ، زۆر توڕەبوو ، فەرمانی بە هەیاس کرد ، بچۆ هەر ئێستا ئەو منداڵەم بۆ بێنە با جەرگی لەت لەت بکەم ، ئاخر چۆن ئەبێ کوڕە شوانێک ببێتە زاوای سوڵتانێک؟؟ من هەرگیز ئەمەم پێ قبوڵ ناکرێ ، با خوداش چارەی نوسیبێ لە کچەکەم، بەڵام من ڕێگری دەکەم و ناهێڵم ببێتە زاوام!!
ئەمە وا ، ئەویتر بۆ خۆتان بەجێ دەهێڵم ، کە چۆن هەیاس منداڵەکە دەدزێ لە کاتێکدا دایکی نوستوە و ، وە حاڵی دایکی منداڵەکە چۆن دەبێ کاتێک لەخەو بێدار دەبێتەوە! وە سەرەنجامی منداڵەکە بەچی دەگات و ئەم ڕازی چارەنوسە تاکوێ درێژەی دەبێت؟!
لە کۆتایدا ئەوە دەڵێم: ئەوەی خوا پێمان ببەخشێ ، کێ ئەتوانێ مەنعی کا لێمان ؟! وە ئەوەی خوا مەنعی کا لێمان ، کێ ئەتوانێ پێمان ببەخشێت؟!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تێبینی : ئەم داستانە دوو ناوی هەیە.
ناوی داستان : (هەیاس و سوڵتان مەحموود) / (تۆفان و گوڵئەندام )
هۆنینەوە و بە شیعرکردنی : عەباس باڵامبۆیی
خوێندنەوەی : عەباس باڵامبۆیی
Негізгі бет داستانی هەیاسی خاس و سوڵتان مەحموودی غەزنەوی
Пікірлер: 16