دادگەیەکی ئێرلەندای باکوور رەتیدەکاتەوە کۆچبەر بنێرێتە رواندا
ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا جارێکی دیکە تەقەی تێکەوتووەتەوە. دادگایەکی ئێرلەندای باکوور رەتیدەکاتەوە بڕیارەکە جێبەجێ بکات. لەلایەکی دیکەشەوە ئەوانەی لەخۆیان دەترسێن پەنا بۆ کۆماری ئێرلەندا دەبەن.
هێشتا سێ هەفتەیە کە ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بووەتە یاسا. ماوەیەکی دوور و درێژی ویست تاوەکو حکومەتی بەریتانیا توانیی ئەمە تێپەڕێنێ. بەڵام پێناچێ دادگاکانی بەریتانیا بهێڵن یاساکە وەک حکومەت دەیەوێ جێبەجێ بکرێت.
ئەم هەفتەیە دادگایەکی ئێرلەندای باکوور بڕیاریدا یاساکە لە ناوچەکەی ئەوان جێبەجێ نەکرێت. هۆیەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا پشتگوێخستنی یاساکانی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤە. بەپێچەوانەی یاساکانی ئەوروپاشە، کە هێشتا بەریتانیا لە رووە یاساییەکەوە بەشێکە لێی.
لە کۆماری ئێرلەنداش، کە جیا لە ئێرلەندای باکوورە و بەشێکە لە یەکێتیی ئەوروپا، کێشەیەکی نوێ دروستبووە. هێڵن مەک-ئێنتێی، وەزیری دادی ئێرلەندا، رایگەیاندووە کە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر بۆ بەریتانیا دیپۆرت دەکەنەوە. ئەمە دیاردەیەکی نوێ و سەرنجڕاکێشە. چونکە بەدرێژایی دەیەکانی رابردوو کۆچبەران لە ئێرلەنداوە خۆیان دەگەیاندە بەریتانیا، بەڵام ئێستا پێچەوانە بووەتەوە. وەک وەزیرەکە باسیدەکات هەشتا لەسەتی ئەوانەی وەک کۆچبەر دەگەنە ئێرلەندا لە بەریتانیاوە دێن و ئەوانەن کە لەترسی ناردنیان بۆ رواندا هەڵهاتوون.
************************
بەلجیکا دەیەوێ رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان قاچاخچییەکی رادەست بکاتەوە
بەلجیکا دەیەوێ رێگەیەکی یاسایی بدۆزێتەوە بۆئەوەی کوردستان تۆمەتبارێک بە قاچاخچێتییان رادەست بکاتەوە.
وەزارەتی دادی بەلجیکا بەدوای رێگەیەکی یاساییدا دەگەڕێت بۆئەوەی حکومەتی کوردستان تۆمەتبارێکی کوردی رادەست بکات. رۆژانی رابردوو ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە کە کەسێکی دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارە بە قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤەوە.
میدیای بەریتانی و بەلجیکی ئەو کەسە وەکو بارزان ئێم. دەناسێنن. دەڵێن تەمەنی 36 ساڵە و بە (دووپشک) ناسراوە. لە ساڵی 2016ەوە پۆلیسی ئەوروپی و ئینتەرپۆل بەدوای ناسنامەی دووپشکەوە بوون، کە تۆمەتبارە بە بەقاچاخ بردنی دەیان کۆچبەر و هەندێک لەوانەش لە رێگە گیانیان لەدەستداوە.
کۆتایی ساڵی 2022 دادگایەکی بەلجیکا حوکمی دە ساڵ زیندان و پێبژاردنی نزیکەی یەک ملیۆن یۆرۆی بۆ دووپشک بڕییەوە. بەڵام لەبەرئەوەی بارزان نەدەدۆزرایەوە، حوکمەکەی جێبەجێ نەدەکرا.
رۆژانی رابردوو بارزان لە سلێمانی بەشداریی لە هەڤپەیڤینێکدا کرد لەگەڵ میدیای فەرمیی بەریتانیا. بەو هۆیەشەوە شوێنەکەی ئاشکرا بوو و دەستگیر کرا.
ئان کولۆڤیاک، داواکاری گشتییە لە وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵیی بەلجیکا. ئەو دەڵێت وڵاتەکەی هیچ رێککەوتنێکی بۆ رادەستکردنەوەی تۆمەتباران لەگەڵ عێراقدا نییە. بەڵام وەک ئەو باسیدەکات خەریکن رێگەیەکی یاسایی گونجاو دەدۆزنەوە بۆئەوەی بارزان رادەستی ئەوان بکرێت.
************************
پۆڵەند سنوورەکانی لەگەڵ بێلاڕووس تووندتر دەکات
هاوین خەریکە دێتەوە و پۆڵەند لە سنوورەکانی دەترسێ. بۆیە لەئێستاوە ئامادەکاری دەکات بۆ رێگەگرتن لە کۆچی بەلێشاو بۆ سەر سنوورەکانی لە بێلارووسەوە.
سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی کەم کۆچبەر لە سنوورەکانی پۆڵەندەوە دێنە نێو یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام وارشۆو دەیەوێ سنوورەکانی لەگەڵ بێلاڕووس هێشتا تووندوتۆڵتر بکات.
وەزیری بەرگریی پۆڵەند رایگەیاندووە بودجەیەکیان بۆ ئەو تووندوتۆڵکردنە داناوە کە لە مێژووی پۆڵەنددا پێشینەی نەبووە. هەرچەندە ئاشکرای نەکردووە کە بودجەکە چەندە، بەڵام پێشتر بۆ دروستکردنی پەرژینێکی پێنج مەتر و نیو بەرز، پۆڵەندا 407 ملیۆن یۆرۆی خەرج کردبوو.
پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە رووسیا ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییانی ئێران و ژمارەیەک وڵاتی دیکە دەکات بۆئەوەی بەبێ ڤیزا بچنە ئەو وڵاتە و لەوێشەوە لەڕێگەی فینلەند خۆیان بگەیەننە ئەوروپا. بۆیەش ماوەیەکی زۆرە فینلەند سنوورەکانی لەگەڵ رووسیا داخستووە.
لە پۆڵەنداش ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆیەکی هاوشێوە هەیە. هەرچەندە بەدرێژایی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ تەنیا 1432 کەس هەوڵی پەڕینەوەیان لە سنوورەکانی پۆڵەندەوە داوە.
************************
ئێستۆنیا ئاسانکاری لە پێدانی مانەوە (ئیقامە)ی کار دەکات
هەواڵێکی خۆش بۆ ئەوانەی چاویان لە وەرگرتنی کارتی شینی ئەوروپی یان (ئیقامەی کار)ە. ئێستۆنیا ئاسانکاریی نوێی بۆ کردوون.
حکومەتی ئێستۆنیا مەرجەکانی وەرگرتنی کارتی شینی ئاسان کردووە. جاران ئەوەی داوای ئەو کارتەی کردبووایە، دەبووایە بڕوانامەی زانکۆیی لەو بوارەدا هەبێ کە دەیەوێ بەهۆیەوە مافی مانەوە وەربگرێ.
ئێستا هەبوونی 5 ساڵ ئەزموونی کار بەسە. هەروەها جاران دەبووایە کەسێک بۆ ماوەی یەک ساڵ کار بکات، ئینجا ڤیزاکەی بۆ دەکرایە مافی مانەوە. لەمەودوا کەسێک شەش مانگ لە ئێستۆنیا کار بکات، کارتە شینەکەی دەخرێتە باخەڵەوە.
جگە لەوەش ئەگەر کەسێک بێکار بوو، تاوەکو سێ مانگیش ئاساییە لە ئێستۆنیا بمێنێتەوە و بەدوای کارێکی نوێدا بگەڕێت. ئەمە بۆ ئەوانەیە کە کەمتر لە دوو ساڵە لەوێن. ئەوانەی زۆرتر لە دوو ساڵ بێ، دەتوانن تاوەکو شەش مانگیش بێکار بمێننەوە و مەترسیی ئەوەیان نەبێ کە کارتە شینەکەیان لێ دەستێندرێتەوە.
Негізгі бет Diyaspora-دیاسپۆرا-زانیاریی نوێ لەبارەی دووپشکەکەی سلێمانی
Пікірлер: 2