#سەعاتەکانی_وەڕسبوون
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۳"
لە ماڵەوەم و ناجووڵێم
لەپڕێکدا، تەنیایی دەستم ئەگرێت و
ئەمباتە سەر جێگە و ڕەفەی ئەلبوومەکان.
ئەوسا ئیتر ئەو ئەڕوات و بەجێم دێڵێ.
دەرگای ئەستووری ئەلبوومێ
"کە لە پەنجەم ئەستوورترە"، ئەیکەمەوە.
ئەچمه ژوورێکی زۆر کۆنی زەمانەوە.
ڕابوردوو ئەگەڕێتەوە و
بە تەنیشتی ئێستامەوە دائەنیشێ،
وێنەیەکیان ئەبێ بە قولاپی یاد و
ڕامئەکێشێ و ئەمخاتە ناو هەناویەوە.
"ئێستام، زستانێکی سپی و سارد و
زوقم، جومگەی لەشی گرتووم
ئەوسام، سەوزێکی بێباک و
قوڵپەقوڵپی خوێنێکی زۆر بێ منەت و
ئێستام، پەنجەی گەلێ ڕاڕا و
ئەوسام، دەنگێکی سەرکێش و
ئێستام، ڕەنگێکی ترسنۆک...
یەکە یەکە سەیری زەمانەکان ئەکەم
سەیری شوێنە مردووکان و
سەیری کەسە مردووکان و
سەیری باخە مردووکان و
سەیری جلوبەرگی مردوو
سەیری پێکەنینی مردوو.
سەیری زەماوەندی مردوو
سەیری چیغ و سەیری نەنکم و
سەیری دایکم و سەیری کچانی گەڕەک و
دووکانەکەی مەلا هیندی و
ماسییەکانی ناو حەوزەکەی...
مزگەوتەکەی "حاجی حان" و
سەیری دەرگای حەوشەی ماڵەکەمان.
"ڕەنگە کە یەکەم ماڵ بووبێ لە دنیادا
کە توالێتی تیا نەبووبێ. من ئەبوو بچم
بۆ مزگەوت... دایکم و خۆشکەکانیشم
بۆ توالێتی ماڵە دراوسێ..!"
یەکە یەکە سەیری وێنە.
سەیری ئاوێنەکانی زەمان و
سەیری هەڵمی ساڵەکان و
سەیری دڵدارییەکی جاران و
وەرینی بەژن و باڵاکان بەڕیز ئەکەم...
"دایکم لێرەدا هەر ئەڵێی
جۆگەی کارێزە ڕوونەکەی سەر کارێزە.
ئەو وەختەی هەتاو لێی ئەدا
دەسماڵی پوولەکەی سەر شان
پوولەکەکان ئەجریوێنن و چاوی ڕەشی
پێئەکەنێ و سرکەیی لاری ناوچەوان.
لەنگەری جوانی ڕائەگرێ.."
"باوکم لێرەدا هەر ئەڵێی
دارتوویەکە، ناوقەد ئەستوور
سەری پڕە لە باڵندە و
ئەڕوانێتە خاڵێکی تەواو نادیاری
ئاسمانی دوور.."
"ئای ئەمەیان ئەو کچە بوو
کە بۆ دوو ڕۆژ، تەنها دوو ڕۆژ،
حەزمان لە یەکتری کرد و
بە میوانی هاتبوونەوە بۆ ئێرە و
ئیتر چوونەوە بۆ کەرکووک.."
"ئەمەیش پوورمە،
بە جلی مۆدەوە... سپی
لە گوڵی دارهەرمێ ئەچێ و
لەم باخەدا ڕاوەستاوە،
سێبەری گـەڵا و لەق و پۆپ..
خاڵ خاڵی کردووە، لەشی و
قژی ئازادی بێ سەرپۆش.
بارانی سەری ڕووناکە..."
"ئەمڕۆ لەگەڵ تەنیاییدا
چووین بۆ خەستەخانە بۆ لای
دارهەرمێ بۆتە کۆتەرەی پیرێژنێ و
لەسەر چرپایەک کەوتبوو
دەمامکێکی ئۆکسیجن..
دەم و لووتی هەڵبەستبوو
دکتۆر تەنیایی بردبووە لاوە و
پێی وتبوو هەر دوو شەوێکی تر ئەژی.."
"ئای پەری خان"ی ئامۆزام!
لەم ڕەسمەدا چەند نازداری،
ئەڵێی بووکی ژێر دەوار و
یان وەنەوشەی بن زناری.
"پەری خان" بە پەنجە و چاوی... خۆی ئەژیان
پوولەکەچن... دەسماڵ دروون
چاندنی گوڵ لەسەر سوخمە
گەلێ جاریش خوێنی پەنجەی
ئەتکایە سەر گوڵی سپی کراسی بووک...
گەلێ شەویش... مامی گورگ
گورگی سەرخۆش...
بە کۆڵەکەی هەیوانەوە... تا درەنگان
ئەو نەورەسەی ئەبەستەوە.
ئای "پەری خان"
تۆ بەهار بووی کە سەرەتان
لە پاییزێکدا هات بۆ لات.
چووە ناو ژووری جەرگتەوە و
ئەو مردنە لە کۆڵەکەی کردیتەوە و
ئەوسا هەڵفڕیت بۆ ئاسمان،
ئای "پەری خان"ی ئامۆزانم..."
شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی "
#خێراکە_مردن_خەریکە_بگات "
#شێرکۆ_بێکەس #شعر_کوردی
.
Негізгі бет سەعاتەکانی وەڕسبوون _۳ | شێرکۆ بێکەس
Пікірлер